(دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی، له ئاوێنه‌ی بیر و بۆچوونه‌کانی دا)
شه‌ره‌فکه‌ندی،تێکۆشه‌ر و رووناکبیرێکی نه‌ته‌وه‌یی
قادر وریا
د.سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، له ژێر سه‌رپه‌رستیی براگه‌وره‌که‌ی، شاعیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ر مامۆستا هه‌ژاردا، په‌روه‌رده ببوو. هه‌ر له منداڵییه‌وه خۆشه‌ویستیی نه‌ته‌وه و نیشتمان، به هۆی شێعر و رێنوێنی و ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌و برایه‌ی تێکه‌ڵ به هه‌ست و بیری ببوو.
هاوینی 1359، که له« باغی یه‌نگیجه»ی نزیک سه‌رده‌رابات له گه‌ڵ ژماره‌کی زۆر له لاوه دیموکراته‌کانی شار‌و ناوچه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان، به‌شداری ده‌وره‌یه‌کی سیاسی نیزامی بووین، د.شه‌ره‌فکه‌ندی که بۆ خۆی خه‌ڵکی ئه‌و ده‌وروبه‌ره بوو، سه‌رپه‌رستیی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی ده‌کرد. رۆژێک له خزمه‌تی دا، به‌و دۆڵ و ده‌ره‌یه‌ی ئه‌وێدا به‌ره‌وژوور، به‌ره‌و «کانیه‌ره‌ش» رۆیشتین. له ریگایه‌دا هێندیک له بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵیی خۆی بۆ گێڕاینه‌وه. باسی رۆژانی جێژن و وه‌ده‌رکه‌وتن له‌گوند له گه‌ڵ منداڵانی دیکه و شێعری تایبه‌ت به منداڵان و ئامۆژگارییه‌کانی مامۆستا هه‌ژاری بۆ کردین. بۆی باس کردین که چۆن هه‌ژار هانی ده‌دان نیشتمانی خۆیان خۆش بوێ و دواتریش که گه‌وره بوو هه‌ر له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و وتانه‌ی هه‌ژاری براگه‌وره‌یدا بووه. بۆیه کاتێکیش رووی کرده کاری سیاسی و کۆڕی تێکۆشان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی وه‌ک حیزبی خۆی هه‌ڵبژارد، چونکه ئه‌و حیزبه هه‌ڵگری داوای نه‌ته‌وه‌یی بوو.
د.شه‌ره‌فکه‌ندی پێی وابوو پرسی چینایه‌تی، بڕوا به هیومانیزم (انساندوستی) و ململانێی به‌ره‌ی سۆسیالیزم و ئیمپریالیزم، که هه‌موویانی له جێی خۆیاندا بۆگرنگ بوون، هیچیان له سه‌رووی پرسی نه‌ته‌وه‌یی نین. نابێ بۆ هیچکامیان مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌لا بنێ.
له‌و وتووێژانه‌دا که‌له‌گه‌ڵ «کشتگر»و بڵاوکراوه‌کانی ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی‌دا کردوونی، زۆر به توندی داکۆکی له پرسی نه‌ته‌وه‌یی و پێویستیی دابینکردنی مافی نه‌ته‌وه‌کان له ئێران‌دا ده‌کا و به توندی دژی هێندێک بۆچوون ده‌وه‌ستێته‌وه که ئینکاری هه‌بوونی پرسی نه‌ته‌وه‌یی و فره نه‌ته‌وه بوونی ئێران ده‌که‌ن.
ئه‌و، به دروستی پێی وابوو ماهییه‌تی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان نه‌ته‌وه‌یییه نه‌ک چینایه‌تی. له‌و وتارانه‌دا که وه‌ک وڵامدانه‌وه به هێرشه‌کانی حیزبی کۆمونیستی ئێران و کۆمه‌ڵه بۆ سه‌ر حیزبی دیموکرات نووسیونی، که دێته سه‌ر باسی ناکۆکییه سیاسییه‌کانی ئه‌و کات ، زۆر به شێوه‌یه‌کی زانستی باسی ته‌رکیبی چینایه‌تیی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کا و به به‌ڵگه و ئیستیدلالی به هێز ده‌یسه‌لمێنێ که بزووتنه‌وه‌ی کوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یییه و له قۆناغی ئێستادا به شوێن دابینکردنی ئامانجی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌وه‌یه، نه‌ک چینایه‌تی.
ئه‌و کاته‌ی به شوێن نه‌مانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تی و ئاڵوگۆڕه‌کانی جیهان له دوا ده‌یه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، کۆماره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ڕاگه‌یاند، چێک و سلۆڤاکی، وه‌ک دوو نه‌ته‌وه و دوو وڵات لێک جیا بوونه‌وه، نه‌ته‌وه‌کانی نێو یۆگۆسلاویی پێشوو، هه‌ر کام بۆ جیابوونه‌وه و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و پێکهێنانی کیانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان هه‌نگاویان نا، له نووسینه‌کان و له وتووێژه‌کایندا، گرنگیی زۆری پێدان، وه‌ک ڕه‌وتی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌کان، ناوی بردن و پێیان خۆشحاڵ و گه‌شبین بوو، ئه‌مه‌ی به سه‌ره‌تا و مۆژده‌یه‌ک بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی دیکه زانی.
نه‌ورۆزی ١٩٩١(١٣٧٠ی هەتاوی) که راپه‌ڕینی خه‌ڵکی باشووری کوردستان به رزگاریی که‌رکوک گه‌یشته چڵه‌پۆپه، ئه‌م ڕووداوه که له باری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، گرنگی و بایه‌خێکی تایبه‌تیی هه‌بوو، به ڕاده‌یه‌ک بووه هۆی خۆشحاڵیی ئه‌و که‌سایه‌تییه که هاته نێو شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌ک که کادر و پێشمه‌رگه‌کان به‌م بۆنه‌وه له بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی پێکیان هێنابوو و وێڕای ئه‌وان به‌و بۆنه‌وه هه‌ڵپه‌ڕی و شادیی کرد.
ئه‌گه‌ر سه‌یری وتار و نووسینه‌کانی له باره‌ی فه‌له‌ستینه‌وه بکه‌ین، له‌و مه‌یدانه‌شدا، گرنگیدانی به مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و به ڕه‌وا و پیرۆز زانینی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و ڕاوه‌ستان له به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ران و به‌رزنرخاندنی خه‌بات و قوربانیدان له‌م رێگایه‌دا، به راشکاوی و بە باشترین شێوه به‌دی ده‌که‌ین.